کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
   شەھادە و دەسەڵاتدارێتی
عەلی مەحمود


شەھادە و دەسەڵاتدارێتی

عەلی مەحمود محەمەد

جارێکیان سیاسییەکی گەنجی  کورد بە ھەڵچونێکی سەرچڵانەی وردە بۆرژوازیانەوە  وتی" چاکسازی بە نەخوێندەوار ناکرێت", ھەمان قسەی ھاوچینە بۆرژواکانیان لە سەروبەندی کۆمۆنەی پاریس و ئۆکتۆبەردا  دوبارە کردەوە کە  بە تەوسەوە دەیان وت" دەوڵەت بە کرێکار و پینە دۆز بەڕێوە ناچێت" , لێ  ئەزموونەکانی جیھان ئەوە ناسەلمێنن , بگرە لە زۆر حالەتدا پێچەوانەکەی تەواو راستە, ھەرچەندە چاکسازی دەستەواژەیەکی لاستیکییە  و ھیچ  ناوەرۆکێکی کۆنکرتیی لە خۆ ناگرێت , چاکسازییەک بە ئاراستەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی نەبێت ھیچ مژدەیەکی بۆ گەل پێ نییە , باشترین چاکسازی ئەوەیە حکومەتێکی دەستوری بۆرژوازی بنیات بنرێت, کە تیایدا بە یاسا بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداران بپارێزرێت , وەک چۆن ترامپ باجی سەر دەوڵەمەندەکان کەمکردەوە,  دەستی برایانی کوشی ئاوەڵا کرد  بۆ  تێک دانی ژینگە, بۆیە  دەبێت دروشمەکانی ئێمە لە پاڵ چاکسازی  و حوکمی یاسا دادپەروەری بێت, ئێمە دادپەروەر خوازمان دەوێت نەک شھادە خواز,
مێژووی تازە پێمان دەڵێت دوو لە باشترین سەرۆکەکانی نیو سەدەی رابردووی جیھان, لۆلا و باوکی ھەژاران  مۆخیکا, خاوەند بڕوانامەی تێکۆشان بوون تەنھا, کەچی باشترین دەسەڵاتداریش دەرچوون, بەشێکی زۆری گەلەکانیان " بەرازیل و ئۆرۆگوایان" لە ھەژاری دەرکرد, کەچی دەیان نموونەی خاوەند شەھادەی باڵای زانکۆ بەناو بانگەکانی جیھان لە بەردەستە گەلەکەیان بەرەو مەرگەسات بردووە .
باشتر بوو رەخنەگران رەخنەکانیان بەو ئاقارەدا ببردایە کە نابێت ھەموو جومگەکانی دەسەڵات لە دەست بنەماڵەکان کۆببێتەوە, ھەنوکە  ٣  دەسەڵاتە راپەڕاندنەکان سیادییەکەی  کوردستان" سەرۆکی ھەرێم, سەرۆکی وەزیران, سەرۆکی دەزگای ئاسایش" لە دەست ئامۆزاکاندان" سەرۆکی زانیاری و جێگیری سەرۆکی حکومەت"یش لە دەست ئامۆزاکانی دیدان وێڕای ئەگەری پەرلەمانیش, ئەوانی دیش بونەتە چەپڵە لێدەری گەمەی ئامۆزاکان.
خۆ منداڵی بنەماڵەکان ئێستا  ھەموو دەرچووی ھارفاردەکانن, خۆ بنەماڵەکان ئێستا ھەموو لە ژێر جامانەو سەرینەکانیان وەک میرەکانی کەنداو شەھادەی گەورە گەورەی زانکۆ بەناو بانگەکان راخراوە, کەچی فاشلترین  حوکمڕانن و رۆژ بە رۆژ چونجڕک توندتر لە کورسییەکان گیر دەکەن.
لە کۆتادا ئێمە حوکمڕانییەکمان دەوێت  نوێنەرایەتی  زۆرینەی ٩٩%ی کۆمەڵگا بکات و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابوری لە بەرژەوەندی نوێنەرەکانی کە ٩٩%ی کۆمەڵگان ئەنجام بدات, بەشێوەی ژیرانە کاری شیاو بۆ خاوەند شھادەکان دابین بکات, لە گەڵ کەرامەتیاندا بگونجێت.
تمداد ديدنى ها:  77      تاریخ:  10/05/2019
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
عەلی مەحمود
1 بۆ 18 له‌ کۆی 300     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.