کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  دەستبەسەرکردنم لە تورکیا
دەستبەسەرکردنم لە تورکیا
ئاوارە حسێن
پاش ئەوەی بەمەبەستی بەشداریکردن لە وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی  سێ ڕۆژە بەناونیشانی (گەشەپێدانی ستراتیژی جیهانی و بەجیهانیکردنی پرۆگرامەکانی خوێندنی باڵا) کە لە زانکۆی جۆرگ ئۆگست-گۆتینگن، کە لە شاری گۆتینگن-ی ئەڵمانیا ڕۆژانی (١٩ تا ٢١ی ٢ی ٢٠١٩) بەڕێوەدەچوو، کاتژمێر (٠٣:٤٠) خولەکی بەیانی (١٧/٢/٢٠١٩) لە ڕێگای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەبیحە لە ئیستانبوڵی تورکیا و لەوێشەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دۆسڵدۆرف لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا بەڕێکەوتم.
    کاتژمێر (٠٦:٢٥) بەیانی گەشتمە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەبیحە لە شاری ئیستانبوڵ-ی تورکیا. هەر لەپاش دابەزینمان لە فڕۆکەکە  لە بەشی هاتووە نێودەوڵەتییەکانەوە هاتینە ناو فڕۆکەخانەکەو لە ڕیزی پشکنینی پاسپۆرتەکەم چاوەڕێبووم سەرەم بێت، لەناکاو چەند کەسێک بەجلی شارستانییەوە بانگیان کردم و پاسپۆرت و بلیتی فڕۆکەکەیان لێسەندم و بردمیانە ژورێک کە دوو کامێرای چاودێری تێدابوو. هەروەها مۆبایلەکەیان لێوەرگرتم وتیان ووشە نهێنییەکەیمان بۆ بکەرەوە. پاش سی خولەک لە ژورەکە هێنامیانە دەرەوە و لەبەردەم ژورەکەدا وێنەیەکیان گرتم و هێنامیانە ژورەوە و چەند پرسیارێکیان لێکردم بۆ کوێ دەڕۆم و ئیشم چییە و لە کام زانکۆ دەوام دەکەم. پاش سی خولەکی تر گواستمیانەوە بۆ بەشی پۆلیسی فڕۆکەخانەکەو لە ژوورێک بەتەنها بەجێیانهێشتم و کامێرایەکی چاودێری لێبوو.
پاش پانزە خولەک پۆلیسێک بە دەمانچەیەکەوە هاتوو پێی وتم جگەرە دەکێشی بۆت بهێنم؟ وتم نەخێر جگەرە ناکێشم. دوای ماوەیەک پۆلیسێکم بانگکردو پرسیم ئەم لێکۆڵینەوانە چییە؟ نوێژی بەیانیم نەکردووە و ڕێگەم بدەن نوێژەکەم بکەم و پشوویەک وەرگرم حەوت کاتژمێر دەمێنمەوە و بەرەو ئەڵمانیا دەڕۆم. گوێی بۆ نەگرتم و ڕۆشت، پاش ماوەیەکی تر پۆلیسێکی ترم بانگکرد و وتم نوێژم نەکردووە و نانی بەیانیشم نەخواردووە بە چی تۆمەتێک من لێرەم و ئەم لێکۆڵینەوانە چییە؟ پێی وتم فەرمانیان پێکردووین کە ئیمەیڵەکەشت بپشکنین.

بەگوێرەی ماددەی (٩)ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ- ی ساڵی (١٩٤٨) و ماددەی (٩) بڕگەکانی (١ و ٢)ی ڕێککەوتننامەی مافە سیاسی و شارستانیيەکان-ی ساڵی (١٩٦٦) ئازادی‌‌ و ئاسایشی‌ تاكه‌كه‌سی‌، مافی‌ هه‌ر مرۆڤێكه‌و نابێت هیچ کەسێک لە خۆوە دەستبەسەربکرێت، یان بگیرێت، هیچ كه‌سێک نابێت له‌ ئازادیی‌ خۆی‌ بێبه‌ش بكرێت‌، مه‌گه‌ر ئه‌وكاته‌ كه‌ یاسا ‌و ڕێوشوێنه‌كانی‌ دادپرسی‌ بڕیاری‌ دابێت، هەروەها هه‌ر كه‌سێك كه‌ ده‌گیرێ‌، ده‌بێ‌ له‌ ماوه‌ی‌ گیرانیدا، هۆی‌ گیرانی‌ پێڕابگه‌یه‌ندرێ‌. هه‌روه‌ها ده‌بێ‌ ده‌ستبه‌جێ‌ له‌و تۆمەته‌ ئاگادار بكرێته‌وه‌ كه‌ داویانه‌ته‌ پاڵـی‌.
بەڵام بەشی پۆلیسی فڕۆکەخانە ئازادییەکەمیان لێسەندەوە و لەخۆوە و بەبێ ئەوەی لەدادگاوە فەرمانێک دەرچوبێت دەستبەسەریانکردم و هۆکاری دەستبەسەرکردنەکە و ئەو تۆمەتەی دابویانە پاڵم پێنەوتم، تەنها ئەوە نەبێت کە دەیانگوت فەرمانمان پێکراوە.
 دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکەم و پشکنینی نامە و فەسبوک و ئیمەیڵەکەم دیسان پێشێلکاری ماددەی (١٢)ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بوو، کە هەر جۆرە دەستتێوەردانێکی لە خۆوە لە ژیانی تایبەتی و نامە و نوسین قەدەغەیە و دەبێت لەلایەن یاساوە پشتیوانی بکرێت.

فۆڕمێکیان لەسەرم پڕکردەوە  کە تێیدا ئەم زانیاریانەی لەخۆ گرتبوو (نازناوەکەم، ناوی سیانیم، بەرواری لەدایک بوونم، شوێنی لەدایک بوونم، ڕەگەزم، ناسنامەکەم، ژمارەی پاسپۆرتەکەم، ئەو هێڵەی پێی هاتومەتە ناو تورکیا پیکاسۆس، ژمارەی فڕۆکەکەم (PC817) ئەو شوێنەی لێی هاتووم هەولێر، ئەو کاتەی گەشتووم (٠٦:٢٥)ی بەیانی و بەروارەکەی (١٧/٢/٢٠١٩).
گەرچی لە فۆڕمەکەدا ئاماژەکرابوو بەوەی کە ئەو ماوەیەی دەستبەسەرم دەتوانم تەوالێت ، گەرما و سیستەم و تەلەفزیۆن بەخۆڕایی و بەبێ پارە بەکاربهێنم، و ئەندامانی خێزانەکەم و کەسانی تر ئاگاداربکەمەوە لە دەستبەسەرکردنم و تەلەفونی گشتی بە کریدیت کارت یان کارتی تەلەفون بەکاربهێنم بەڵام هەموویان لێ قەدەغەکردم و بۆیان دەستەبەرنەکردم.
گەرچی من دەستبەسەربووم بەبێ فەرمانی دادگا و بە نایاسایی، بەڵام گەر تەنانەت تاوانباریش بومایە و لە دادگایەکی دادپەروەر و سەربەخۆ و بێلایەن و ئاشکراشەوە سزاکەم بۆ دەرچوایا، ئەوا مافی ئەوەم هەبوو کە خواردنی تەندروست و دڵخوازی خۆمم پێبدرێت و شوێنی حەوانەوەم بۆ دابینبکرێت کە شەوەکەی نەخەوتبووم. بەڵا نەک شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین نەکردم و ژەمی بەیانیشیان پێنەدام، بەڵکو پەرداخێک ئاویشیان بۆ نەهێنام بیخۆمەوە.
بەو شێوەیەو تا کاتژمێر (١١:٠٠)ی پێش نیوەڕۆ نزیکەی چوار کاتژمێر و نیو، دوو کاتژمێر پێش فڕینی فرۆکەکەم بۆ ئەڵمانیا دەستبەسەریانکردم و لە فۆڕمەکەدا ئاماژەیان بەوەکرد کە هاتنی من بۆ تورکیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری کۆچەوە قەدەغەدەکرێت و بە عەقڵ وتێگەیشتنی ئەوان و بەگوێرەی ماددەی (١٥) بڕگەی (١) خاڵی (٣)ی یاسای بیانییەکان و پاراستنی نێودەوڵەتی- تورکیا بۆیان سەلماوە کە من مەترسیم لەسەر ئاسایشی گشتی تورکیا.
دەسەڵاتدارانی تورکیا و چەکدارەکانی ئەردۆگان لەبەشی پۆلیسی فڕۆکەخانە لەو ماوەیەی کە منیان دەستبەسەرکرد سەدان ماددەی  یاسای نێودەوڵەتیان پێشێلکرد، من لێرەدا نەمپەرژایە سەر باسکردنی هەموویان، تەنها ئاماژەم بە چوار ماددەی ئەو جاڕنامە و ڕێککەوتننامەیە کرد کە تورکیا وەک دەوڵەتێک ئەندامی هەردووکیانە.


کە گەشتمە دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی لە لاهای لەگەڵ ڕاوێژکارانی دادگادا یەکێک لەو کەیسانەی کە بابەتی گفتوگۆمان بوو تاوانەکانی ئەردۆگان بوو. ئەوانیش لە تاوانەکانی ئاگادارن بەڵام ئەندام نەبوونی تورکیا لەدادگاکەدا ڕێگرە لەوەی کە دادگا دەسەڵاتە دادوەرییەکانی خۆی پەیڕەو بکات.

گەشتەکەم بەناو تورکیا بۆ ئەوروپا ناچاریی و نابەدڵی بوو، بەڵام لەبەرئەوەی هیچ هێڵێکی تر لەو کاتەدا بەردەست و گونجاو نەبوو ناچاربووم لە تورکیاوە بڕۆم. گەرچی بەگوێرەی ماددەی (٦)ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە کە کەسایەتییە یاساییەکەی لە هەموو شوێنێک بە فەرمی دانیپێدابنرێت. بەڵام کەسایەتی یاسایی من  وەک کەسێکی ئاسایی و کەسێکی یاسایی نەک دانیپێدانەنرا، بەڵکو بە ئاشکرا پێشێلکرا.
ئەم هەڵسوکەوتە نایاساییەی کە بەرامبەر بە من بەبنەما گیرا لە کاتێکدا کە بە بانگهێشتنامەی فەرمی وەک مامۆستایەکی زانکۆی هەڵەبجە میوانی زانکۆی جۆرگ ئۆگست-گۆتینگن-ی ئەڵمانیا بووم، بۆ ئەوەبوو بەرامبەر بەو تاوانانەی لەدژی نەتەوەکەم ئەنجامدەدرێت بێدەنگی هەڵبژێرم. تاوانەکانی ئەردۆگان لەدژی کورد لەچوارچێوەی وانەی جینۆسایدی کورددا جێگیرم کردووە و لە بەشی یاسای زانکۆی هەڵەبجە دەخوێندرێت.

لەپاش ئەوەی کە کەسایەتییە یاساییەکەم لە تورکیا بەفەرمی دانیپێدا نەنراو و پێشێلکرا، ئەوا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر بانگهێشت بکەن و لەسەر دەستبەسەرکردنم ڕونکردنەوە بدەن و بە فەرمی داوای لێبوردنم لێبکەن وقەرەبووی مەعنەوی و مادیم بکەنەوە. داوا لە پەڕلەمانی کوردستان دەکەم بەدواداچون بۆ ئەم کەیسەم بکات و هەڵوێستی هەبێت.
لەبەرئەوەی گەشتکردنم بۆ تورکیا و بەناو تورکیادا لێ قەدەغەکردم، ناچاربووم لە کاتی گەڕانەوەمدا لە شانشینی ئەردەنەوە بگەڕێمەوە و پارەی زیاتر لە گەشتەکەمدا خەرج بکەم. هەروەها من وەک کەسێکی یاسایی هەموو هێزی یاسایی خۆمم خستووەتە خزمەتی قەدەغەکردنی جینۆساید و چەسپاندنی ئاشتی. نەک وەک ئەو فۆڕمەی کە بەشی پۆلیسی فڕۆکەخانە لەسەر من پریان کردووەتەوە و تاوانباریان کردووم بەوەی کە مەترسیم لەسەر ئاسایشی تورکیا. من ئەمە بە هێرشێک بۆ سەر پێگە یاسایی و ئەکادیمییەکەم دەزانم.


ژمارەی بینین:  206      بەروار:  06/03/2019
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.