کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  جینۆسایدی هەڵەبجە و بە یاسا دانپێدانانی نێودەوڵەتی

جینۆسایدی هەڵەبجە و بە یاسا دانپێدانانی نێودەوڵەتی
ئاوارە حسێن

لە ڕۆژی (١٦/٣/١٩٨٨)، کاتژمێر (١١:٣٥) یانزەو سی و پێنج خولەکی پێش نیوەڕۆ، دەیان فڕۆکەی جەنگی ڕژێمی بەعسی سەددام، کەوتنە بۆردومانکردنی شارەکە بە چەکی کیمیاوی و بە چەکی کلاسیکی لە سەرەتادا گازی خەردەلی تێدا بەکارهات و دواتریش بۆ یەکەم جار لە مێژووی دروست کردنی چەکی کیمیاوی گازی دەمارەکان بەکارهات.
دەیان فڕۆکەی جەنگی (سوخۆی و میراج) ئاسمانی شارەکەیان داپۆشی و (١٥) پانزە جار شارەکە بۆردومان کرا. هەرجارەی (٨- ١٠) هەشت تا دە فرۆکە بەشداريی دەکرد و گازەکانی (خەردەل، سیانید، و فسفۆڕ)یان دەڕژاند بەسەر دانیشتواندا. ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا ڕوویدا، لە کاتژمێر (٣) سێی پاش نیوەڕۆی (١٦/٣)دا، خەڵکەکە هەستیان بە بۆنێکی نائاسایی دەکرد، لە بۆنی سێوی شیرین دەچوو، هەندێکیان بە بۆنی عەتر و خەیار و سێو تێدەگەیشتن، ترسێکی بێوێنە باڵی کێشا بەسەر ئەو خەڵکەدا. ئەوەی توانییان بیکەن تەنها ئەوەندە کە درزی دەرگاو دیوارەکان بە خاوليی تەڕ بگرن و دەموو لوتیان بە قوماشی تەڕ داپۆشن، هەندێکیان ئاگریشیان لە ژوورەوەی پەناگەکاندا دەکردەوە.
ئەو هەڵەبجەییانەی کە لەو ژەهربارانە ڕزگاریان بووە، ئەوانەی چارەنوسیان وابوو کە بژین، باسی ئەو ڕۆژە دەکەن کە بەچاوی خۆیان لەژێر دوکەڵی ژەهری کوشندەی کیمیاوی قەدەغەکراودا بینییان، جەستەی هەڵەبجەییەکان وەک گەڵای دار کەوتبوو، ئاژەڵ و باڵندەکانیش هەمان چارەنووسیان هەبوو. خەڵک هەبوو لەبەر دەرگا، لەسەر جادە، لە ناو ئۆتۆمبێلدا گیانی سپاردبوو، زیندووەکان دۆخیان زۆر ناجێگیر و خراپ بوو، دەم و دەست و چاویان لە گۆ کەوتبوو. هەندێکیان بەبێ ویستی خۆیان پێدەکەنین، هەندێکیان پەلە قاژێی دەربازبوونیان دەکرد و کەمێک دەڕۆیشتن و دەکەوتن، چاویان باش بینایی نەدەکرد و وەک ئەوەی دەرزی ئاژنین بکرێن، کە میزیان دەکرد میزی خوێناوییان دەکرد. ئەوەش هەموو کاریگەری کوشندەیی ئەو چەکە کیمیاوییە قەدەغەکراوە بەکارهاتووانە بوون. دەرەوەی شارەکەش هەموو بۆردومان کرابوو بۆ ئەوەی ئەوانەی دەیانەوێت بیر لە خۆ دەربازکردن بکەنەوە لەوێش بە کاریگەری ژەهرەکان گیان لەدەست بدەن. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە بەشێک لەوانەی لە شار چوونە دەرەوە لە دەوروبەری شارەکەدا گیان لەدەست بدەن.

لەپێش جینۆسایدی هەڵەبجە، ژمارەی دانیشتوانی ناوەندی قەزای هەڵەبجە و گوندەکانی یەکەی کارگێڕییەکەی بەپێی سەرژمێری ساڵی (١٩٨٧)، کە لەلایەن ڕژێمی عێراقی لەناوچووەوە کرابوو، گەیشتبووە (١١٥٥٤٠) سەدو پانزە هەزار و پێنج سەد و چل کەس. کە لە شارەکەو (٢١٦) دوو سەدو شانزە گونددا نیشتەجێ بووبوون. لە دوای جینۆسایدەکە تەنها (١٨) هەژدە گوند مانەوە و (١٩٨) سەدو نەوەدو هەشت گوندەکەی تر وێرانکران و خەڵکەکەی ئاوارەکران و بوونە پەنابەر. سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشت بەڕێژەی (١٠٠%) لە سەدا سەد لە ناوبران، چونکە سەرجەم ناوچەکەیان کرد بە قەدەغەکراو.

سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی جینۆسایدی هەڵەبجە، تا ئێستا ئامارێکی ورد لەبەردەست نییە. بەڵام ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی هەڵەبجەیان کردووەو (٣٢٠٠) سێ هەزار و دوو سەد ناویان لایە. وە بڕواشیان وایە کە (٤،٠٠٠- ٧،٠٠٠) چوار هەزار تا حەوت هەزار، لە هەڵەبجە خنکێنرابێت. ئامارێکی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ژمارەی کوژراوەکان دەگاتە (٥٤٦١) پێنج هەزار و چوار سەدو شەست و یەک کەس و ژمارەی بریندارەکانیش لە ناو (١٤) چواردە کامپی ئێراندا و بەپێی ئاماری ئێرانییەکان دەگاتە (١٢٨٠٠) دوانزە هەزار و هەشت سەد کەس.
بەشێک لەو بریندارانەشی کە ڕوویان لە ئێران کرد بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەشێکیان لەوێ گیانیان لەدەست دا و هەر لەوێش نێژران لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران لە شوێنێکدا بەناوی (موقیعیت شهدای حلبجە)، کە ژمارەیان نزیکەی (١٧٠) سەد و حەفتا گۆڕە. هەر لە ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان نزیکەی (٧٣٠) حەوت سەد و سی گۆڕی تری شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە هەیە. بە تۆببارانی ئێرانیش بۆ گرتنی هەڵەبجە نزیکەی (١٥٠) سەد و پەنجا کەس کوژران.
بەشێکی ئەو بریندارانەش بەهۆی سەختی برینەکەیان و کوشندەی گازەکانەوە کە تا ئێستا چارەسەریان وەرنەگرتووە بەردەوام لێیان دەمرێت. ئەوانەشی کە ماون و لە ژیاندان لە دۆخێکی تەندروستی سەختتدان و گازە بەکارهاتووەکان دەیان کاریگەری وەک شێرپەنجەی سیيەکان، کاریگەريی سەر کۆئەندامی هەرس، کاریگەريی سەر پێست و چاو، کاریگەريی لەسەر کۆ ئەندامی هەناسەدان، بڵاو بوونەوەی نەزۆکی لەنێوان پیاوان و ئافرەتەکاندا و کەمبونەوەی بەرگريی نەخۆشی لە کەسانی ئاسایی، بەجێهێشتووە.

ساڵی (١٩٨٨) ئەو ساڵە بوو کە قووڵترین جینۆساید لە مێژووی هاوچەرخی جینۆسایدەکانی دنیا لەدژی هەڵەبجە و باشووری کوردستان ئەنجامدرا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگیيان هەڵبژارد، لەبری ئەوەشی ئەو ڕێکخراوە هەڵوەشێتەوە و ڕەخنەی یاسایی و سەرکۆنەبکرێ، لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ویژدانە زیندووەکانی دنیاوە، کەچی پێچەوانەکەی ڕویداو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی (١٩٨٨) بەهێزەکانی ئاشتی پارێزی ئەو ڕێکخراوە بەخشرا.
ئەرکی یاسايی و ڕەوشتمەنديی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو وەک دەستگای جێبەجێکاری یاسای نێودەوڵەتی، کە دادگایەکی تاوانکاريی نێودەوڵەتی پێکبهێنایە بەپێی بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دادگایيکردن و سزادانی ڕژێمەکەی سەددام، بەڵام بەو ئەرکە هەڵنەستا.

لەپاش ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسی سەددام و پێکهێنانەوەی عێراقی نوێ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای ژمارە (١٠)ی لە (٩/١٠/٢٠٠٥) دەرکرد و بەو یاسایەش دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی دامەزرا بۆ دادگایکردنی سەرانی ڕژێمی سەددام.
کەیسی هەڵەبجە یەکێک بوو لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە دادگای باڵای تاوانکاريی عێراقدا. یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی هەڵەبجە لە (٢١/١٢/٢٠٠٨) ئەنجامدرا. لە (١٧/١/٢٠١٠) دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند. لەبری ئەوەی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت. لەو چوارچێوەیەشدا سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانبار (عەلی حەسەن مەجید) جێبەجێکرا لە (٢٥/١/٢٠١٠).
پاش تێهەڵچوونەوە لە بڕیارەکەو لە (٢٨/٢/٢٠١٠)دا، پاش (٣٤) سی و چوار دانیشتن، دادگا بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجەیدا، و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید لەلایەن دادگاوە ناسێندرا و یەکلاییکرایەوە.
هەریەک لە تاوانکاران (سوڵتان هاشم- فەرحان موتڵەگ- سابر عەبدول عەزیز) بە (١٥) پانزە ساڵ زیندانیکردن سزادران.
پەڕلەمانی عێراق-یش لە (١٧/٣/٢٠١١)، لە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (٤٤)، بە بریاری ژمارە (١٢) کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند.
بەڵام تا ئێستا کە ،،سی و یەک،، ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجامدانی تاوانەکەدا، قەرەبوی مەعنەوی و ماددی زیانلێکەوتوانی هەڵەبجە نەکراوەتەوە، کە بەگوێرەی یاسای عێراقی و نێودەوڵەتی ئەرکی حکومەتی ئێستای عێراقە وەک میراتگری حکومەتی بەعس بە ئەرکی قەرەبوکردنەوەکە هەستێت.

کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەسەر ئاستی عێراق لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراق و لە پەڕلەمانی عێراقدا بە جینۆساید ناسێندراوە و دانیپێدانراوە. بەڵام تا ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە یاسا بە جینۆساید دانیپێدانەنراوە. تەنها پەڕلەمانی کەنەدا وەک تاکە دەوڵەتێک لە (١٦/٣/٢٠١٠) وەک تاوانی ،،دژ بە مرۆڤایەتی،، ناساندویەتی نەک تاوانی ،،جینۆساید،،
ئێمە لێرەدا ئاماژە بە چەند ڕێگایەک دەکەین کە دەتوانرێت لێیانەوە کەیسی جینۆسایدی هەڵەبجەی پێببردرێتە ناوەندە نێودەوڵەتیيەکان و دەرگا یاساییەکانی ئەوان بەڕووی کەیسەکەدا بکاتەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک جینۆساید بە یاسا دانیپێدابنرێت.
ئەو ڕێگایانەش:
* گرنگترین و یەکەمین ڕێگای بە یاسایی ناساندنی کەیسەکە بریتییە لەوەی بە یاسایەک لە پەڕلەمانی کوردستان، جینۆسایدی هەڵەبجەو هەموو کورد دانیپێدابنرێت. کە تا ئێستا جینۆسایدی هەڵەبجەو کەیسەکانی تری جینۆسایدی کورد لە پەڕلەمانی کوردستان بە یاسا دانیپێدانەنراوە. گەر پەڕلەمانی کوردستان بەو ئەرکە هەڵنەستێت ئیتر ئێمەی کورد چۆن بتوانین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە ڕوو سووریی و پێگە بەهێزییەوە داوای دانپێدانانی بکەین. لەو کۆبونەوە و کۆنفرانسە جیهانییانەی کە بەشداربووم و داوای بە یاسا دانپێدانانی جینۆسایدی هەڵەبجە و کوردم لە ئامادەبوان دەکرد کە ڕۆڵیان هەبێت لەسەر باوەڕهێنانی پەڕلەمانەکانیان بۆ دەرچواندنی ئەو یاسایە. ئەو ترسە دایدەگرتم کە ڕوبەڕوی ئەو ڕەخنەیان نەبمەوە کە ،،ئایا بە مافدارییەوە داوای ئەو یاسایە دەکەیت، پەڕلەمانەکەی خۆت ئەو یاسایەی دەرچواندووە و ئێوەی کورد خاوەنی ئەو یاسایەن؟،،
* بە بەستنی چەندین کۆنفرانس و سیمینارو کۆبونەوە لەسەر جینۆسایدی کورد لە دەوڵەتانی جیهان، بەشێوەیەک هەست و سۆزیان بۆ لای کورد و دۆزە ڕەواکەی ڕابکێشرێت. ئەوەش نابێت بە تەنها لایەنە فیزیکی، کەلتوری، بیۆلۆژی، ئابووری و ژینگەییەکەی جینۆسایدەکە باس بکرێت. بەڵکو دەبێت ئاماژە بە پێشێلکاریيە زەق و قووڵەکانی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید و سزا خستنە سەر تاوانکارانی، جاڕنامەی جیهانيی مافەکانی مرۆڤ، هەردوو ڕێککەوتننامەی مافە شارستانی و سیاسی و مافە ئابووری و کەلتوری و کۆمەڵایەتیيەکان بکرێت. کە ئەو دەوڵەتانە پابەندبوونی خۆیانیان پێوە ڕاگەیاندبوو، بەڵام لە کاتی جینۆسایدی کورددا بێدەنگیيان هەڵبژارد و بەرژەوەندیيەکانی ئەوکاتیان لەگەڵ حکومەتی بەعسی عێراقدا پرەنسیپیانی کۆت کردبوون و هەڵوێستێکی یاسایی و ویژدانی و مرۆییان نەبوو. هەڵوێستی ئێستایان بە ناساندنی جینۆسایدی کورد لە پەڕلەمانەکانیاندا دەتوانن قەرەبووی ئەو بێدەنگی و بێهەڵوێستیيەیان بکەنەوە کە لەکاتی جینۆسایدی کورددا هەڵیانبژاردبوو.
* لە ڕێگای حکومەتی هەرێم و عێراق و بەسود وەرگرتن لە کەسانی یاسایی شارەزا و سودنەویست و دڵسۆز هەوڵی دادگایيکردنی کۆمپانیاکانی تۆمەتبار بدرێت کە چەکی کیمیاویيان بە ڕژێمی بەعس فرۆشتبوو، ڕژێمیش لە دژی کورد و بەتایبەتی لە شاری هەڵەبجە بەکاریهێنابوو.
* دروستکردنی فیلم و بەڵگەنامەیی، لەسەر جینۆسایدی هەڵەبجە و تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بەو بوارە.
* بە پشتبەستن بە بڕگەی (٤)ی ماددەی (١٢١)ی دەستووری عێراقی، کەدەڵێت (نووسینگەی تایبەت بە هەرێم و پارێزگاکان دەکرێتەوە لە باڵوێزخانەو نێردە دیپلۆماسییەکاندا بەمەبەستی بەدواداچوونی کاروباری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدان). دەتوانرێت لە ڕێگای کەسانی شارەزای بواری یاسا نێودەوڵەتیيەکان و جینۆسایدەوە کەیسی کورد بوروژێنرێت و زانستیيانە کاری جدديی تێدا بکرێت. ئەویش بەوە دەبێت کە نوێنەرەکانی حکومەتی هەرێم نوێنەری پارێزگاکان، دووربن لە کەسانی حیزبی و کار بۆ کورد و دۆزە ڕەواکەی بکەن و نوێنەری ڕاستەقینەی کوردستان و باڵوێزی ڕاستگۆی ناساندنی جینۆسایدەکەی بن، نەک نوێنەری حیزب و ئایدۆلۆژیاکان بکەن. یەکێک لەو هۆکارانەشی کە تائێستا نەتوانراوە کەیسی جینۆسایدی کورد بەشێوەیەکی زانستی و یاسایی کاری تێدا بکرێت، ئەوەبووە، کە لە بری کەسانی شارەزا کەسانی حیزبی و کەم ئەزموون و نە شارەزا بەو بوارە دانراون.
* لەڕێگای نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەوڵەتانی دونیادا، کە دامەزراوەیەکن و لەو دەوڵەتانەی کە نوێنەرایەتی کوردستان دەکەن وەک دامەزراوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەوان دەتوانن باشتر ڕۆڵ بگێرن لە ناساندنی جینۆسایدی کورددا، چونکە دونیای ئەمڕۆ مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەدا دەکات نەک تاکەکەس.
* باڵوێزخانەکانی عێراق لە دەوڵەتان، بەتایبەت ئەوانەی کە باڵوێزەکانیان کوردن دەتوانن لە تەنیشت ئەرکە نیشتیمانییەکەیاندا ئەرکێکی نەتەوەیی بەجێبگەیەنن و کار بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد بکەن.
ژمارەی بینین:  255      بەروار:  17/03/2019
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.